ڕۆمانی ، وڵاتـی هـەڵووچـە شیـنەكان ــ هێرتا موولێر ــ بەشـی دووهـەم
بەشــی دووهـــەم.
لۆلا بەتەمابوو خولی چوار ساڵەی فێربوونی زمانی ڕووسی تێپەربکات. تاقیکاری هەڵبژاردنی زمانی ڕوسی ئاسان بوو، چونکە لە زانکۆ جێگەی تەواو هەبوو. لە ڕاستیشدا ژمارەی وەرگیراوەکان بەقەرای قوتابیانی مەکتەبەکە بوون؛ فێربوونی زمانی ڕووسیش لەنێو ئاوات و ئارەزووەکانی خەڵکیدا جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی نەبوو.
لۆلا لەدەفتەری بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێ:«گەیشتن بە ئارەزووەکان ئاسان نین؛ ئامانجەکان ئاسانیاوترن.» لۆلا دەنووسێ:«پیاوێک کە خەریکی خوێندنی بوارێکە، نینۆک گەلێکی خاوێنی هەن. پاش چوار ساڵان، ئەویش لە گەڵ من دێتەوە؛ چونکە پیاوێکی وەک ئەو باش دەزانێ کە لە دێهات زۆری ڕێز لێدەگیرێ. ئەو، ئەوە باش دەزانێ کە ئاڕایشتکەرێک، بۆ دیتنی دەچێتە ماڵیان و پێڵاوەکانی لەبەر دەرکە جووت دەکات.» لۆلا دەنووسێ:« ئیتر مەڕێک لە ئارادا نییە؛ ئیتر شووتییەک لە بێستاندا نییە؛ تەنیا دارتووەکان وەبەر چاودێن؛ چونکە هەمووان، گەڵامان بە لەشییەوەیە.»
ژوورێکی چکۆلە وەک چوار پاڵووی درێژ، پەنجێرەیەک، شەش کچ، شەش تەختی خەو و لە ژێر هەر تەختی خەوێکدا، چەمەدانێک. دۆڵابەیەکی دیواری لە پەنا دەرکاکە و لەسەرووی ئەوەوە، لەبن میچەکە، بڵیندگۆیەک. زایەڵەی گۆرانی بەکۆمەڵی کرێکاران، لەبن میچەوە بۆ دیوار و لەدیوارەوە بۆ سەر تەختی خەوەکان، کە بەداهاتنی شەو، ئیتر نەیاندەچڕی. بەشێوەیەک کە ئیدی کەس، بەشەقامی ژێر پەنجەرەکە و پارکی نەگبەتیدا، تێپەڕ نەدەبوو. هەر نووستنگەیەک، چل ژووری چکۆلەی چوار پاڵووی درێژی وەک یەکی هەبوو.
یەکێک کوتی:«بڵیندگۆکان، کارەکان و قسەکانی ئێمە دەبینن و دەبیستن.» جلەکانی هەر شەش کچەکە، لەپەنا یەکتر هەڵواسرابوون. لۆلا لیباسی لە هەمووان کەمتربوو. ئەو جل و بەرگی ئەوانی دیکەی لەبەر دەکردن. گۆرەوییەکانی کچەکان، لە نێو چەمەدانەکان و لەژێر تەختەکانیان دابوون.
یەکێک گۆرانییەکی تێهەڵکرد :
« دایکم دەڵێ
ئەگەر شوو بکەم
لەڕۆژی مارەکردنم
پۆیلە گەلێکم بۆ دێنن
بیست سەنگای گەورە
پڕن لە مێشوولەی خوێن خۆر
بیست سەنگای بچووک
پڕ لە مێروولەی چزوودار
بیست سەنگای نەرم
دارماڵن لە گەڵای ڕزیو »
لۆلا لەسەر عەرزی، لەپەنا تەختی خەوەکەی دانیشت و چەمەدانەکەی کردەوە .هەڵگێڕ وەرگێڕێکی بە گۆرەوییەکانی کردو چەند پاژنە و پەنجە و پووزی گۆرەوی مل درێژی ئاڵۆز و تێک سمڕاوی لە بەرامبەر دەم و چاوی خۆی ڕاگرتن. هەمووی بەعەرزی دادان. دەستەکانی دەلەرزین. وای هەست کرد کە لەدووچاو زیاتر لەسەر چڕووچاوی هەن. دەستەکانی خاڵی بوون، بەڵام لە دوودەست زیاتری لە حەوابوون. لە ڕاستیدا ژمارەی پەنجەکانی، بەقەرای گۆرەوییە کەوتووەکانی سەر عەرزی ژوورەکە بوون.
ئەو هەمووە چاو و دەست و گۆرەوییە، نەیدەتوانی لە دڵی ئاوازێکدا بحەجمێ کە لە پانتای دووتەختی خەوی باریکدا، بکوترێ؛ ئاوازێک کە لە سەرێکی چووکەوە سەری هەڵدابێ، کە باوەخولەیەکی کرد و هێڵێکی بە تەوێڵیەوە بوو؛ ئاوازێک کە دەستبەجێ هێڵی تەوێڵی بزر کرد.
فەرهەنگۆک :
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئاسانیاو : سانادەستکەوت،بەتایبەتمەندی ئاسان کەوتنەدەستەوە
چوارپاڵوو : چوارگۆشەی لەسەر و ژێروتەنیشتەوە وەک یەک.
سەنگا : باڵنج ،
دارماڵ : پڕاوپڕ ، لێوان لێو
پووز :بەلەک، لەتەر، نێوان قلاپە و ئەژنۆ ؛ سلق
تێک سمڕاو :تێک تەنیو، تێرگۆشتی پتەو
چڕوچاو : دەمووچاو، سەروچاو
باوەخولە : سووڕخواردن بە دەوری خۆدا
سەرچاوە:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کتێبی: وڵاتی هەڵووچە شینەکان ( هێرتا موولێر)عەبدوڵڵا سەعیدی
«زیندانی زمان، زیندانێکی کاتییە. ڕۆژێک دادێت کە دەرکەوانی دلۆڤان بە کلیلەکانییەوە بمانگاتێ و لەو بەندەمان دەرباوێ.» بەومانایەکە، وەرگێڕ قوفڵەکانی زیندانی زمان دەکاتەوە، تا جەستە، لەو چوارچێوە بەرتەنگانەی زمان وفەرهەنگ و بەردەنگە سەرەتاییەکانی، ڕەها بێت.